چۆنێتی بەشداری کردنی ئافرەت لە جیهاد

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-10-02:12:00 - کۆدی بابەت: 4341
چۆنێتی بەشداری کردنی ئافرەت لە جیهاد

ناوه‌ڕۆك

چۆنێتی بەشداری کردنی ئافرەت لە تێکۆشان

مەرجەکانی واجب بوونی جیهاد و تێکۆشان حەوتن:
-ئیسلام
-پێگەشتوویی
-ئەقڵ و هۆش
-ئازادی
-نێرینە
-تەندروستی تەواو
-توانایی جەستەیی

بەڵگەکان لە فەرموودەکانی پێغەمبەر (سەلامی خودای لێبێت) عائیشەی دایکی موسوڵمانان (سەلامی خودای لێبێت) فەرمووی داوام کرد لە پێغەمبەری خودا (سەلامی خودای لێبێت) کرد کە ڕێگەم بدات بۆ جیهاد و تێکۆشان فەرمووی: (جیهادی ئێوە حەجی ماڵی خودایە) (جهادکن الحج)، ئەو فەرموودەیەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کەوا جیهاد واجب نیە لەسەر ئافرەتان، بەڵام مانای ئەوەش نیە کەوا خۆی بەخش نەکات بۆ بەشداری لە جیهاد، بە مەرجی پۆشتەیی و دوور کەوتنەوە لە تێکەڵاوی پیاو، ئەگەر ئەو مەرجانەی نەبوو حەج باشترە لەو بەشداری کردنە.

خودای گەورە هەڵگرتنی شیر و تیر و چەک و بەکارهێنانیان، ئامادەبوونی لە گۆڕەپانەکانی شەڕ لەسەر ئافرەت واجب نەکردووە، چونکە پێچەوانەی سیفەتی خۆڕسکی ئافرەتە، بەڵام باوەشی گەرم و سۆزی دایکایەتی پێبەخشیوون تا بێتە گۆڕەپانی گەشە و پەروەردەی جگەر گۆشەکەی و نەوەی دواڕۆژ، هەروەها سەبر و ئارامی پێبەخشیووە تاوەکو ببێتە مامۆستا و قوتابخانەی کۆرپەلەکانی، بەڵام زۆر جار ووڵات ڕووبەڕووی هێرشی دووژمنانی دین و زۆردار و داگیرکەران دەبێتەوە یان وا پێویستی دەکات موسوڵمانان زۆرداران لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی لادەن تاوەکو بە ئازادی بانگەوازی خوا بەجێ بگەیەنن، لەو دوو کاتەدا زۆرجار لەبەر بەردەوامی شەڕ و تیاچوونی ژمارەیەکی زۆری پیاوان وا پێویست دەکات ئافرەتان بەشداری بکەن بە هاوکاری وەک: هاندان و ئاو هێنان، خزمەتکردنی تەندروستی، بەرگریکردن لە خۆیان تا نەکەونە بەردەستی دوژمن، بەڵام ڕاستەوخۆ ئافرەت نەهاتووەتە ناو خۆبەخشین بۆ ڕاهێنان و مەشقکردن و کاری سەربازی و هاتنە ناو گۆڕەپانی جەنگ، چونکە هاتنە ناو ئەو کارە زیان دەبەخشێت بە تەندروستی ئەو ئافرەتە هەرچەندە خۆشی لە تەندروست باشیدا بێت، هەروەها لەگەڵ پێکهاتەی ئێسک و جومگە و بارستەی ماسولکە و پیکهاتەی دەروونی ناگونجێت، ئەگەر ئافرەتیش بکەوێتە باری بێ نوێژی و منداڵبوون و زەیستانی ئەوا زۆر زیاتر تەندروستی بەرەو نالەباری و پشێوی دەڕوات.

ئەگەر سەیری مێژووی ئیسلام بکەین دەبینین خێزانەکانی پێغەمبەری خودا (سەلامی خودای لیبێت) ئافرەتانی موسوڵمان بەشداری جەنگیان کردووە بەڵام بەشداریەکەیان لەو سنورەی باسمان کرد دەرنەچووە، تەنها چەند نموونەیەکی کەم نەبێت، ئەویش ناکرێتە بەڵگەیەکی شەرعی بۆ ئەو بەشداریە.

لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە سەلامی خودای لێبێت دەگێڕنەوە دەڵێت: لە کاتی هەڵهاتنی هەندێک لە موسوڵمانان لە شەڕی ئوحود، حائیشەی ئوم سەلمەم (سەلامی خودای لێبێت) بینی کەوا خۆیان توند کردبوو، گۆزەیان لەسەر شان بوو، دەچوون بە خێرایی ئاویان دەهێنا و دەیاندا بە شەڕکەرەکان، پاشان بە خێرایی دەگەڕانەوە دووبارە ئاویان دەهێنا.

هەروەها لە ڕەبیعەی کچی مەعوذ (سەلامیی خودای لێبێت) دەگێڕنەوە دەڵێت: ئێمە لەگەڵ پێغەمبەری خودا (سەلامی خودای لێبێت) بووین لە کاتی جەنگدا، ئاومان دەدا بە شەڕکەرەکان، برینپێچیمان دەکرد، شەهیدەکانیشمان بۆ شاری مەدینە دەهێنایەوە.

ئەو فەرموودانە بەڵگەی تەواون لەسەر ئەوەی کەوا بەشداری راستەوخۆی ناو شەڕ بۆ ئافرەتان واجب نییە، هەروەها ئایەتی سورەتی (الزخرف) ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەکات کەوا ئافرەتان لە کاتی جەنگ و ڕووبەڕوو بوونەوە دیار نین، چونکە پەروەردەی ناو ناز و جوانی و ڕازاوەی و خشڵ و زێڕە.(أو من ینشؤا في الحلیة وهو في الحصام غیر موبین)الزخرف:١٨، ئیبن عەباس دەڵێت مەبەستی لە (ئافرەت و کەنیزەیە).

زیانەکانی دیمۆگرافی

شەهید سەید قوتب دەڵێت یەکێک لە حیکمەتەکانی خودا کەوا کوشتار و جەنگی لەسەر ئافرەتان واجب نەکردووە ئەوەیە کاتی جەنگ ژمارەیەکی زۆر لە نێرینە دەبنە خۆراکی ئەو شەڕە، بەڵام مانەوەی ئافرەت ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە بەکرداری شووکردن و چەند ژنی، بەڵام کاتێک نێرینە و مێینە وەک یەک ژمارەیان کەم بێتەوە بەهۆی شەڕەوە، ئەوا لاسەنگیەک دروست دەبێت لە نێوان تیاچوون و منداڵبوون، هەر بۆیە ئاینی ئیسلام لەو کاتانەدا چەند ژنی بە چارەسەرێکی گونجاو داناوە، بەهەمان شێوە لە کاتی ڕوودانی کارەسات، لەلایەکی ترەوە هەزار پیاو ناتوانن وا بکەن یەک ئافرەت بەرهەمی منداڵبوون زیاد بکات هەر وەک یەک پیاو دەتوانێت، چونکە توانای ئافرەت سنووردارە، هەر ساڵێک یەک منداڵی دەبێت گەر یەک پیاوی لابێت وە یان هەزار پیاو.

لەبەر ئەو هەموو هۆیانە خودای پەروەردگار ئەو جۆرە کارە قورسانەی لەسەر ئافرەتان واجب نەکردووە، تەنها لە یەک کاتدا نەبێت ئەویش کاتی داگیر کردنی ووڵاتی ئیسلامە لەلایەن بێ باوەڕانەوە، لەو کاتەدا جێنشین و سەرۆکی موسوڵمانان بڕیاری دەرچوونی گشتی (النفیر العام) دەدات بۆ بەرپەرچی دوژمنان، لەو کاتەدا دەبێت نێر و مێ بەشدار بن بەبێ جیاوازی.


سەرچاوەکان



1204 بینین